بنەماڵەی "بورهان مەنسوورنیا"، لەژێر گوشاری بنکە ئیتلاعاتییەکانی مەریوان و کرماشانن

16:06 - 10 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: بنکە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەت لە مەریوان و کرماشان، بنەماڵەی "بورهان مەنسوورنیا"، یەکێک لە شەهیدانی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەریان خستووەتە ژێر گوشارەوە کە ناوبراو وەکوو "شەهید" لە ناوەندی "شەهید و کاروباری ئیسارگەرانی حکوومەت"، تۆمار بکەن.

گوشارەکان لەسەر بنەماڵەی "بورهان مەنسوورنیا"، یەکێک لە شەهیدانی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر، لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی مەریوان و کرماشانەوە بۆ قەبووڵکردنی ئەم داخوازییە، زۆرتر بووەتەوە.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی "بورهان مەنسوورنیا"، بنەماڵەی "مەنسوورنیا" تا ئێستا هەموو داخوازییەکانی ناوەندە ئیتلاعاتییەکانیان ڕەت کردووەتەوە و دژی ئەوەن کە ناوی کوڕەکەیان لەم ناوەندە حکوومەتییەدا تۆمار بکرێت.

"بورهان" لەدایکبووی ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی و خاوەن بڕوانامەی دوکتورای دامپزیشکی لە زانکۆی ورمێ بوو. ئەم لاوە مەریوانییە لە کرماشان سەرباز بوو کە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەر، لە ناڕەزایەتییەکانی کرماشاندا، بەر گولـلەی هێزەکانی حکوومەت کەوت و پاش دوو ڕۆژ خەواندن لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا.

تەرمی بورهان مەنسوورنیا، لە تەنیشت دانیال ئستواری، بێهرووز مەلەکی، عوسمان نادری، ئیدریس بیوارە و مێهران تاک کە لە شەهیدانی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر بوون، لە گۆڕستانی "بەهەشت مستەفا"ی مەریوان بە خاک ئەسپێردراوە.