بنکە و بارگاکانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و کەمپی پەنابەرانی سیاسی، بوونە ئامانجی هێرشی پەهپادی و مووشەکی سپای پاسدارانی ئێران

17:38 - 6 رەزبەر 2722

لە درێژەی هێرشەکەی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەکانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکان لە چوار ڕۆژی ڕابردوودا، ئەمڕۆ لە شەشەمین ڕۆژی مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، بنکەکانی ئەم حیزبانە و کەمپی پەنابەرە سیاسییەکان لە پارێزگای سلێمانی و شاری کۆیە بوونە ئامانجی ئەم هێرشانە.

ئەمڕۆ شەشی مانگی ڕەزبەر، بنکەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری کۆیە و مەقەر و بنکەکانی کۆمەڵە لە پارێزگای سلێمانی، کەوتنە بەر ئامانجی هێرشی پەهپادی و مووشەکی سپای پاسدارانی ئێران. هەروەها کەمپی پەنابەرە سیاسییەکانی ئەم حیزبانە کە لە ژێر چاودێری UN و بنەماڵە و ژن و منداڵی چالاکانی سیاسی لەوێ نیشتەجێن، بوونە ئامانجی ئەم هێرشانە.

لە درێژەی ئەم هێرشانە، بۆ سەر کەمپی پەنابەرە سیاسییەکانی کۆیە، کۆمەڵێ کەس بریندار و چەند کەسیش گیانیان لە دەس داوە، ژمارەیەک لەو بریندارانە، منداڵن و قوتابی مەدرەسەن.

وە هەروها زیانێکی ماددی زۆر لە ئیدارە و بنکەکانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران کەوتۆتەوە و تا ئێستاش ئەم هێرشانە درێژەی هەیە.