بلیمەت و خوێندکارە باڵاکانی کورد، پەراوێزکەوتووان لە کارە دەوڵەتییەکانن

20:48 - 18 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: لە کاتێکدا کە شارەداریی شارێکی گەورەی وەکوو کرماشان ماوەی زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژە شارەداری نییە، یەکێک لە کرێکارانی شارەداریی شاری کرماشان، کە خوێندنی باڵای تەواو کردووە، بە هۆی بێکاری، وەکوو کرێکارێکی ئەو شارەدارییە، خەریکی کاری خاوێنکردنەوەیە.

بڵاوکراوەی \"باختر\"ی کرماشان لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە یەکێک لە کرێکارانی شارەداریی شاری کرماشان کردووە، کە سەردانی نووسینگەی \"ئەو بڵاوکراوەیە کردووە و ئیدعای ئەوەی کردووە کە ناوبراو خاوەنی بڕوانامەی دوکتورای ئاوەدانکردنەوەیە، بەڵام وەکوو کرێکارێک لە شارەداریی خەریکی کارکردنە.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ئەو هاووڵاتییە کوردە، کە دوکتواری لە بەشی ئاوەدانکردنەوە هەیە، خاوەنی ٣٥ی بابەتی ISI و زانستی لێکۆڵینەوەیە و بە هۆی نەبوونی شیاوسالاری لە سیستمی کارگێڕیی لە ئێراندا، ناوبراو کرێکارە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها نووسیوویەتی: ناوبراو خێزاندار و خاوەنی منداڵێکە و ماوەی ٤ ساڵە وەکوو خاوێنکار لە شیرکەتەکان بە شێوەی گرێبەستیی لە بیاڤی خزمەتگوزاری شارەداریی کرێکاری دەکات.

ماوەی زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژە گەورە شارێکی وەکوو کرماشان شارەداری نییە و لەو ماوەیەشدا ئەندامانی ئەو شارەدارییە نەیانتوانیوە کەسێک لە ناو خۆیاندا بۆ بەڕێوەبەریی شارەداریی کرماشان دەستنیشان بکەن.

پێشتریش لەو پەیوەندییەدا، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری مەریوان، بە ناوی \"سەلاحەدین کامرانی\" کە خاوەنی دوکتورای ئاوی ژێرزەویی لە زانکۆی خاڕەزمی شاری تاران بوو، بە هۆی بێکاری، لە پێترۆشیمی شاری ئەهواز خەریکی گسکلێدان بوو.

نەبوونی هاوسەنگی و هەماهەنگی لە نێوان بەشەکانی خوێندن و پێویستیی بازاڕی کار لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی بێکاریی دەرچووانی زانکۆ لە ئێراندا بە ئەژمار دێت.