\"بزووتنەوەی تەورە سەوزەکان\" بۆ دووبارە زیندووڕاگرتنی دارستانەکانی مەریوان بوونی خۆی ڕاگەیاند

14:52 - 8 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: لاوانی گوندی \"سەردۆش\" سەر بە بەشی خاومیراوای شاری مەریوان، بە شکاندنی تەورەکان و مشارەکانیان، بە مەبەستی پاراستنی دارستانەکانی مەریوان، پەیمانی برایەتییان بەست.

ڕۆژی دووشەممە ٧ی خەزەڵوەر، خەڵکی گوندی \"سەردۆش\" سەر بە بەشی خاومیراوای شاری مەریوان، لە ڕێوڕەسمێکدا، بە مەبەستی ئاشتبوونەوە لەگەڵ سروشت، تەورەکان و مشارەکانیان شکاند.

ئەو ڕێوڕەسمە بە هاوکاریی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، لەژێر ناوی \"ئاشتی لەگەڵ سروشت\" بەڕێوە چوو، کە لەگەڵ پێشوازیی گەرمی خەڵک بەرەوڕوو بووە.

لەو ڕێوڕەسمەدا چەندین بەرنامە کە گرینگترینیان شکاندنی دوو مشاری کارەبایی لە لایەن \"پەیمان نیک‌خا و ئەیووب قادری\" بووە و هەروەها چەند تەور لە لایەن \"موعتەسەم کەیوان و ئومید ڕەحمانی و کەیوان قوبادی\" شکان.

ئەو هاووڵاتییانە، ئامانجی خۆیان لەو هەوڵە \"پەشیمانی لە لەنێوبردنی دارستان و هەوڵدان بۆ ئاوەدانکردنەوەی دووبارەی دارستانەکان\" ڕاگەیاند و بەڵینان بە بەشدارانی ئەو ڕێورەسمە دا، هەتا بێجگە لە ئاوەدانی و دووبارە بووژانەوەی دارستانەکانی مەریوان هەنگاو هەڵ نەگرن.

نوێنەری گوندی \"سەردۆش\" و ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، هیوای خواست کە، \"جنبش تبر سبز\" درێژەی هەبێت و لە گوندەکانی دیکەدا شایەتی بڕینی و لەنێوبردنی دارستانەکان نەبن و مێژوویەک لە ئاوەدانی و پەرەپێدانی دارستانەکان، لەمەوبەدوا شایەتی هیمەتی خەڵک بین.

ئەو ڕێوەڕەسمە بە خوێندنی شێعر و سروود لە لایەن ئامادەبووانەوە لە کاتژمێر ٦ ئێوارە کۆتایی پێ هات.