بریندارێکی دیکەی ڕووداوەکەی نگڵ گیانی لەدەست دا

14:13 - 11 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: یەکێکی دیکە لە بریندارەکانی ڕووداوی هاتوچۆ لە نێوان مەریوان_نگڵ، بە هۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە ئێوارەی ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٩ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، مەحموود بەهرامیان، یەکێکی دیکە لە بریندارەکانی ڕووداوی هاتوچۆ لە گوندی نگڵ، بە هۆی سەختیی برینەکەیەوە، لە نەخۆشخانەی موتەهەریی شاری تاران، گیانی لەدەست دا.

\"29438.jpg\"
مەحموود بەهرامیان
ڕۆژی ٢ی ڕێبەندان، بە هۆی پێکدادان و تەقینەوەی ماشین لە سەوڵاوا، ٥ هاووڵاتی دەبنە قوربانیی ئەو ڕووداوە. هەر لەو پێوەندییەدا، دوو کەسیش کە بە هانای لێقەوماوانی ئەو ئاگرکەوتنەوە چبوون تووشی سووتمان بوون کە یەکێکیان هەمان ڕۆژ گیانی لەدەست دا و ئەوی دیکەشیان، ڕۆژی هەینی گیانی لەدەست دا.

لەو ڕووداوەدا کە لە نزیک گوندی نگڵ ڕووی‏دا، سێ کەس بە ناوەکانی شەهاب پوورمحەممەد(باوک)، شیلان ڕەحیمی(دایک) و شینا پوورمحەممەد(منداڵ)، دەستبەجێ گیان لەدەست دەدەن.

بەرینتر کردنەوەی جادەکانی پارێزگای کوردستان، بە تایبەتی جادەی نێوان مەریوان_سنە، دەتوانێ یارمەتیدەرێکی باش بێت بۆ کەم‏کردنەوەی ڕووداوی هاتوچۆ، هەرچەندە بەرینتر کردنەوەی جادەکان دەستی پێ‏کردووە، بەڵام زۆر بە خاوی دەچیتە پێش و پێدەچیت دەیان ساڵ درێژە بکێشێت.

لە کاتێکدا وەرگەڕانی تانکێری هەڵگرتنی سووتەمەنی لە کوردستان، بووەتە ڕووداوێکی سروشتی و بیروڕای گشتیی بەو هەواڵانە ڕاهاتوون، بەڵام لە چەند مانگی ڕابردوودا، ئەو کارەساتانە گەیشتووەتە شاری سنەی ناوەندی ئۆستانی کوردستانیش و لە مانگی پووشپەڕەوە هەتاکوو ئێستا، دوو حاڵەتی وەرگەڕانی بوونی تانکێری نەوت لەو شارە ڕوودای داوە.

لینکی پێوەندیدار:
پێکدادان و تەقینەوەی ماشین لە سەوڵاوا، ٥ کوژراوی بەدواوە بوو