برینداربوونی کۆڵبەرێکی دیکەی کورد لە سەڵماسدا

20:57 - 14 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد، خەڵکی شاری سەڵماس، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت پێکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرەبەری بەیانیی ڕۆژی شەممە، ١٤ بانەمەڕ، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە شاخی \"شناتاڵ\"، سەر بە شاری سەڵماس، کرانە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت و لە ئاکامی تەقەی هێزە نیزامییەکان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"ڕزگین محەممەدی\"، تەمەن ٢٤ ساڵ، کوڕی عەبدوڵکەریم، بریندار بوو.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، پشتی بەر گولـلەی هێزە نیزامییەکان کەوتووە و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی کراوە.

ئەم گرووپە لە کۆڵبەرانی کورد لە نێوان گوندەکانی \"کۆم و کۆزەڕەش\"ی شاری سەڵماس، لە لایەن هێزە نیزامییەکانەوە، تەقەیان لێکراوە.

لەو پەیوەندییەدا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە، ١٤ی بانەمەڕ، گرووپێک لە کۆڵبەران لە سنووری نەوسووددا، کەوتنە کەمینی نیزامییانی حکوومەتی ئێران و تەقەیان لێ کرا و لە ئاکامدا کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی \"بێوه‌نـ\"ـەی ناوچەی کڵاشیی جوانڕۆ، بە ناوی \"سادق عەزیزی\"، گیانی لەدەست دا.

ئەم گرووپە لە کۆڵبەرەکان، بێ ئاگادارکردنەوەیان لە لایەن نیزامییانی حکوومەت لە پاسگای \"شووشمی\"یەوە لە ناوچەی نەوسووددا، تەقەیان لێ کراوە.