برینداربوونی کۆڵبەرێکی دیکەی بانەیی

16:07 - 5 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی دیکەی کوردی خەڵکی شاری بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ئەو شارە، پێکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە ناوی \"عومەر محەممەدی\"، کوری سادق، خەڵکی گوندی \"بڵەسەنـ\"ـی شاری بانە، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، بریندار بوو.

ئەم کۆڵبەرە کوردە، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە، تەقەی لێکراوە.

لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە، ٤ی پووشپەڕ، کۆڵبەرێک بە ناوی \"هێمن ساڵحپوور\"، تەمەن ٢١ ساڵ، کوڕی سەلیم، خەڵکی گوندی \"ئاڵوتـ\"ـی سەر بە شاری بانە، لە کاتی کۆڵبەریدا، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە، گیانی لەدەست دا.