برینداربوونی چەندین کۆڵبەر لە سنوورەکانی نەوسوود و شووشمێ

12:12 - 29 خاکەلێوه 2722

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی خاکەلێوە، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، دەسڕێژیان لە ژمارەیەک لە کۆڵبەران لە سنوورەکانی نەوسوود و شووشمێ کرد و لە ئاکامدا، چەندین کۆڵبەر پێکران.

شوناسی چەند کەس لەو کۆڵبەرە بریندارکراوانە، "حەسیب عەزیزی" خەڵکی گوندی "شمشێر" سەر بە شاری پاوە، "ساسان خانی" خەڵکی شاری سەلاس ‌باوەجانی و دانیشتووی شاری جوانڕۆ و "حەبیب" خەڵکی گوندی "شروێنە"ی شاری جوانڕۆ، سەعدوڵڵا حوسێنی، نامدار حوسێنی، موبین و مەهدی خەڵکی شاری جوانڕۆ، ڕاگەیەندراوە.

هێزە نیزامییەکانی بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشووی ئەو کۆڵبەرانە لە سنوورەکانی نەوسوود و شووشمێ، تەقەیان لێ کردوون.

ئەو کۆڵبەرانە بەهۆی بەرکەوتنی گوللـەی ساچمەیی لە دەست، مل، سینگ، سەر، پشت و لاقیان بریندار و بۆ چارەسەری پزیشکیی ڕەوانەی ناوەندیی دەرمانی کراون.