برینداربوونی هاووڵاتییەكی خەڵكی سەردەشت بە تەقەی هێزە نیزامییەكانی حكوومەت

13:03 - 22 رەزبەر 2712
ئاژانسی كوردپا: شەوی پێنجشەممە رێكەوتی ٢٠ لەسەر ٢١ی مانگی رەزبەر هاووڵاتییەكی خەڵكی گوندێكی دەورووبەری سەردەشت بە تەقەی هێزە نیزامییەكانی حكوومەت بریندار بوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ئەبووبەكر مەولانایی كوڕی عەلی مام حەسەن تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵكی \"گەوەلان\"ی سەر بە سەردەشت شەوی ٢٠ لەسەر ٢١ی رەزبەر لە شوێنێك بەناوی \"كاناڵ\" لەسەر سنووری سەردەشت و هەرێمی كوردستان كەوتۆتە بەر تەقەی هێزە نیزامییەكانی حكوومەت و بە توندی بریندار بووە.

ئەبووبەكر مەولانایی بۆ بژیوی بنەماڵەكەی لەسەر سنوور سەرقاڵی كۆڵبەری و كاسبی بووە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەو رووداوە بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپای راگەیاند، پاش ئەو رووداوە ئەبووبەكر بە برینداری رەوانەی نەخۆشخانەیەكی شاری سلێمانی كراوە و پاش نەشتەرگەری براوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی قەڵادزی لە هەرێمی كوردستان.

سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە، لەو رووداوەدا هەشت سەر ئەسپی كاسبكاران تێداچوون.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە ماوەی زیاتر لە ٢٠ رۆژدا ١٥ كۆڵبەر و کاسبکاری كورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەكانی حكوومەت كوژراو و بریندار بوون.

لە كۆی گشتیی ئەو رێژەیە ٧كۆڵبەر كوژراون و ٨ی دیكەش بریندار بوون.