برینداربوونی شوانێکی کورد بە بیانووی قاچاغی مەڕ و ماڵەت لە پیرانشار

13:08 - 14 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکانی جێگر لە پایەگای نەجەفی، شوانێکی خەڵکی شاری پیرانشاریان دایە بەردەسڕێژی گوللە و لە ئاکامدا، ئەو شوانە بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ١٢ لە سەر ١٣ی خەزەڵوەر، هێزە نیزامییەکانی پایگای نەجەفی تەقەیان لە شوانێکی کورد، خەڵکی شاری پیرانشار، لە شوێنێک بە ناوی \"\"مێرگی سەید عەبدوڵڵا\"، کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە نیزامییەکانی پایگای نەجەفیی شاری پیرانشار بە بیانووی \"قاچاغی مەڕ و ماڵات بۆ هەرێمی کوردستان\" تەقەیان لەو شوانە کوردە کردووە.

بەپێی ئەو سەرچاویە، هێزە نیزامییەکان شاری پیرانشار سەرەڕای بریندارکردنی ئەو شوانە، دەستیان بە سەر ٩٠٠ سەر مەڕوماڵاتیی هاووڵاتییانی کورد داگرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

بە هۆی هەڕەشەکردنی هێزە نیزامییەکانی پایەگای نەجەفی، لە بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە، ئاژانسی کوردپا لە بڵاو کردنەوەی ناوی ئەو شوانە خۆی دەبوێرێت و شوناسی ئەو شوانە لای ئاژانسی کوردپا، پارێزەراوە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی ڕەزبەر، دوو هاووڵاتیی کورد، بە ناوەکانی \"جەبار برشان و موسلێح قوریش\"، کوڕی سەیدموراد، خەڵکی گوندی \"نمنجە\"ی سەر بە شاری پیرانشار، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران بە سەختی بریندار بوون و \"موسلێح قوریشی\" کوڕی سەید موراد خەڵکی گوندی \"نەمنجە\"ی شاری پیرانشار پاش ٢٠ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی ئەو شارە، بە هۆی سەختی برینەکانییەوە، لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی گیانی لە دەسدا.