برینداربوونی شوانێک بە هۆی تەقینەوەی مین لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان

15:20 - 7 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: شوانێک بە هۆی تەقینەوەی مین، لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان، بە توندی بریندار بووە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئیلام کراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی بەفرانبار، هەواڵدەرییە حکوومەتییەکان ڕایانگەیاند، کە به هۆی تەقینەوەی مین، لە ناوچەی \"ساڵحاوا\"، سەر بە شاری مێهران، شوانێک بە توندی بریندار بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە حکوومەتییەکان، ئەو شوانە بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی خومینی لە شاری ئیلام کراوە.

لە لایەکی دیکەوە، وێبلاگی \"مین و زندگی\" کە هەواڵی پێوەندیدار بە تەقینەوەی مین، لە پێنج پارێزگای ورمێ، سنه، کرماشان، ئیلام و خووزستان ڕووماڵ دەکات، ڕایگەیاند: \"ئەم ڕووداوە لە پارێزگای ئیلام ڕووی نەداوە و لە پارێزگای کرماشان لە ناوچەی سوومار ڕووی داوە\".

بە وتەی وێبلاگی \"مین و زندگی\"، ئەم ڕووداوە ڕۆژی سێشەممە ٤ی بەفرانباریش ڕووی داوە.