برینداربوونی سەربازێک بە هۆی تەقینەوەی مین لە شاری سەقز

21:32 - 10 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: سەربازێکی کورد خەڵکی شاری بیجاڕ، بە هۆی تەقینەوەی مین لە خاڵی سنووری شاری سەقز بریندار و بۆ نەخۆشخانەی ئەو شارە گوێزرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ دووشەممە ١٠ی بانەمەڕ، سەربازێکی کورد بە ناوی \"محەممەد ڕەزا سالاوەندیان\" خەڵکی شاری بیجاڕ کوڕی عەلی بەخش بە هۆی تەقینەوەی مین لە خاڵی سنووری شاری سەقز بریندار بوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو سەربازە لەو ڕووداوەدا لاقی ڕاستی بریندار دەبێت و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری سەقز کراوە.

لەو پەیوەدنییەدا، ماوەیەک پێش، سەربازێکی کورد بە ناوی \"عەلی مەحموودی\" کوڕی ڕەسووڵ خەڵکی گوندی\"دربکە\"ی شاری پیرانشار بە هۆی تەقینەوەی مین لە شاری قەسری شیرین گیان لە دەست دا.

پاڕێزگاکانی ورمێ، سنە، ئیلام ، کرماشان و خووزستان بە ئالوودەترین ناوچەکانی ئێران ئالوودە بە مێن دەژمێردرێن و زیاتر لە ١٦ میلیۆن مین لەو ناوچانە بوونی هەیە.

لە پەیوەندیی لەگەڵ پیشینەی چاندنی مین لە کوردستان کارناسێکی مێنهەڵگرەوە دەڵێت: \"پاش شۆڕشی گەڵانی ئێران لە ساڵی ٥٧ی هەتاوی و شەڕی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن و دەستپێکی شەڕی ئێران و عێراق، هەروەها کردنەوەی شەڕی کلاسیک لە کوردستان، زاڵبوونی بارودۆخی شەڕ لە ناوچەکە و هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، بە مەبەستی بەربەرەکانیی لەگەڵ جووڵەی هێزی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی هەوڵی سازکردن و دانانی پایگای نیزامی گەورەی و چووکەی داوە و ژمارەیان بەخێرایی گەیشتە سنووری ٣ هەزار پایگا و بۆ پاراستنی پایگاکان دەورووبەری ئەو پایگایانەی مێن چێندراون\".