برینداربوونی دوو کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی پیرانشار و ورمێ

19:36 - 12 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو کۆڵبەری کورد بە هۆی تەقەی ڕاستەخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە لە سنوورەکانی پیرانشار و ورمێ بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، کاروانێک لە کۆڵبەران لە سنووری حاج عۆمرانی پیرانشار کەوتووەنەتە بۆسەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران و بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"محەممەد شەمایلی\" تەمەن ٢٩ ساڵ کوڕی سەعدوڵڵا لە لای پشتەوە بە تۆندی بریندار بووە.

هەروەها بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە ناوچەی تەرگەوەری ورمێ، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"شەفیع سەمەدی\" تەمەن ٢٦ ساڵ بریندار بووە.

لەم پێوەندییەشدا، شەوی شەممە ١١ی ڕەشەممە، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"سەید واحید بەرزەنجی\" تەمەن ٣٠ ساڵ کوڕی سەید ئەحمەد خەڵکی شاری پیرانشار، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان لە سنووری حاج عۆمران، گیانی لە دەست دا.