برینداربوونی دوو کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی ورمێ و بانە

19:31 - 22 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو کۆڵبەری کورد بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە سنوورەکانی ورمێ و بانە بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ لەمەو پێش، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"عەقیل ئیبراهیمی\" تەمەن ٢٦ ساڵ کوڕی عەبدال خەڵکی ناوچەی مەڕگەوەڕی ورمێ بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران بە تۆندی بریندار بووە.

ئەو کۆڵبەرە کوردە لەگەڵ کاروانێک لە کۆڵبەران کەوتوونەتە بەر دەسترێژی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی شاری ورمێ کراوە.

لەلایەکی دیکەشەوە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی بەفرانبار، کاروانێک لە کۆڵبەران لە سنووری بانە دەکەونە کەمینی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران و لە ئاکامی تەقەی ئەو هێزانە، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"هیدایەت محەممەدی\" تەمەن ٣٥ ساڵ کوڕی تاهیر خەڵکی بانە بە تۆندی بریندار دەبێت.

هەروها ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بەفرانبار، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"حەسەن ڕەسووڵی\" تەمەن ٤٠ ساڵ خەڵکی شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی ‌هێزە نیزامییەکان لە سنووری \"چەمپارە\"ی ئەو شارە بریندار کرا.