برینداربوونی دوو کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی سەردەشت و بانه

14:25 - 20 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو کۆڵبەری کورد، لە سنوورەکانی سەردەشت و بانه به هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی نیزامییە حکوومەتییەکان بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، کۆمەڵێک کۆڵبەری کورد لە ناوچەی \"بێتووشـ\"ـی سەردەشت، کەوتوونەتە کەمینی هێزە حکوومەتییەکان و لە ئاکامی تەقەی ئەم هێزەدا، کۆڵبەرێکی کورد، به ناوی \"سامان بەخشی\"، تەمەن ٣٥ ساڵ ، کوڕی سەلیم به توندی بریندار بووە.

ئەم کۆڵبەرە لە لایەن لاق و پشتیەوە به توندی بریندار بووە و بۆ وەرگرتنی چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی سەردەشت کرابوو.

لە لایەکی تریشەوە، کۆڵبەرێکی کورد، به ناوی \"مێهدی فارۆقزادە\"، لە ناوچەی \"هەنگەژاڵـ\"ـی بانە، به هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی نیزامییە حکوومەتییەکان، لە لایەن لاقەوە به توندی بریندار بوو و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی سنە کراوە. پزیشکەکان دۆخی گشتیی ئەم کۆڵبەرە کوردەیان جێگیر ڕاگەیاندووە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕێبەندان، کۆڵبەرێکی کورد، به ناوی ئارمان فەلاحی، خەڵکی بانە، به هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی نیزامییە حکوومەتییەکان لە سنووری \"نەنۆڕ\" بریندار بوو. ئەم کۆڵبەرە کوردە به هۆی بەرکەوتنی گوللـە لە لایەن قاچەوە به توندی بریندار بووە.