برینداربوونی دوو کۆڵبەری کورد بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە سنوورەکانی ورمێ و سەردەشت

20:13 - 27 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو کۆڵبەری کورد، بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، لە سنوورەکانی ورمێ و سەردەشت بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ لەمەو پێش، کاروانێک لە کۆڵبەران لە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ کەوتوونەتە بۆسەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران و بە هۆی تەقەی ئەو هێزانە، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"ئەفشین عەلیپوور\"، تەمەن ٣٣ ساڵ، کوڕی ئەمین، خەڵکی بەخشی نازلۆی ورمێ بە توندی بریندار کراوە.

ئەم کۆڵبەرە کوردە بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی تەورێز کراوە و دۆخی ناوبراو نالەبار ڕاگەیەندراوە.

لە لایەکی دیکەشەوە، کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی سەردەشت، بە ناوی \"ناسر عومەری\"، تەمەن ٢٩ ساڵ، کوڕی ڕەحیم بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران بریندار بووە و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی سەردەشت کراوە.

شەوی سێشەممە ٢٥ی بەفرانباریش، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد، لە ناوچەی قوتووری شاری خۆی، دەکەونە بۆسەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی و لەو پەیوەندییەدا، کۆڵبەرێک گیانی لە دەست دا و کۆڵبەرێکی دیکە بە سەختی بریندار بوو.

شوناسی ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە، بە ناوەکانی \"عەبدوڵڵا یووسفی\" کوژراو، و \"ئیحسان خالیدی\" بریندار، خەڵکی گوندی \"ڕازی\" ناوچەی قوتوور ڕاگەیەندراوە.