برینداربوونی دوو کۆڵبەری کورد بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی

13:39 - 30 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو کۆڵبەری کوردی خەڵکی شارەکانی سەردەشت و بانە بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی بریندار و ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکان کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢٩ی بەفرانبار، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"کەریم فەرەجی\" تەمەن ٢٤ ساڵ کوڕی عۆبید خەڵکی سەردەشت بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەکانی سنووری ئەو شارە لەلای پشتەوە بە تۆندی بریندار بووە.

ئەم کۆڵبەرە کوردە بە هۆی قۆرسی برینەکانی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی ورمێ ڕاگوێزراوە و ئێستە لە ژێر چاودێری پزیشکی دایە.

لەلایەکی دیکەشەوە، هاوکات لەگەڵ بەربوونەوەی ئەم کۆڵبەرە کوردە لە بەرزایی، کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی \"مەسعود ئەحمەدزادە\" کوڕی هاشم خەڵکی بەخشی نەمشیری بانە بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی بریندار بووە و ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی بانە کراوە.

لەم پێوەندییەشدا، ڕۆژی هەینی ٢٨ی بەفرانبار، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"حەدید باباجانی\"، تەمەن ١٩ ساڵ، کوڕی بورهان، خەڵکی گوندی \"قشڵاق\" له بەشی شاهۆ، به هۆی تەقینەوەی مین، لە سنووری نەوسوود، لە لایەن قولاپەی پێی چەپەوە بە توندی بریندار بوو.