برینداربوونی دوو کۆڵبەر لە سەردەشت و هەوراماندا

14:36 - 23 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: دوو کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی سەردەشت و هەوراماندا، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان و بەربوونەوە لە بەرزایی، بە سەختی بریندار بوون و ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە ناوچەی \"بێوران\"ی شاری سەردەشت دەکرێنە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی سپای پاسداران و لە ئاکامدا، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"مەحیەدین ڕەحیمی\"، تەمەن ٢٩ ساڵ، کوڕی عومەر، دانیشتووی بەخشی وەزینەی شاری سەردەشت، بریندار دەبێت.

ئەم کۆڵبەرە کوردە، لەو ڕووداوەدا لاقی پێکراوە و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری ورمێ کراوە.

هەروەها، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٢ی بانەمەڕ، کۆڵبەرێکی کورد لە بەرزاییەکانی \"تەتە\"ی هەورامان، بەربووەوە و بە سەختی بریندار بوو.

ئەم کۆڵبەرە، بە یارمەتیی خەڵک و هەوڵی تیمی فریاکەوتنی پایگای ئیمدادیی \"قەڵاجێـ\"ـی سەوڵاوا، لە شاخی تەتە هێنراوەتە خوارەوە و ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی کراوە.