برینداربوونی دوو کۆڵبەر بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری بانە

11:29 - 23 خەرمانان 2722

ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خەرمانان، دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی "خالق حەمزەپوور" کوڕی عەزیز خەڵکی گوندی "منیجەڵان" و "تالیب غەفاری" کوڕی ئەبووبەکر خەڵکی گوندی "هەنجێنێ"ی شاری بانە، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری "هەنگەژاڵـ"ـی ئەو شارە، پێکران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە کوردپا ڕایگەیاند؛ ئەو دوو کۆڵبەرە لەو ڕووداوە لاقیان پێکراوە و بۆ چارەسەری ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیووبی کراون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو؛ هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بە چەکی کلاشینکۆف و بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، تەقەیان لەو دوو کۆڵبەرە کردبوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند، خالق حەمزەپوور خێزاندار و باوکی کچێکە و تالیب غەفاری خێزاندار و باوکی دوو منداڵە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خەرمانان، کۆڵبەرێک بە ناوی "ڕزگار محەممەدزادە" تەمەن ٤٠ ساڵ، بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری "هەنگەژاڵـ"ـی بانە، کوژرابوو.