برینداربوون و گیانلەدەستدانی دوو کرێکاری ڕۆژهەڵاتی لە هەولێر و دهۆک

10:24 - 4 رێبەندان 2719

کرێکارێکی کوردی خەڵکی پیرانشار بەهۆی بەربوونەوە لە بینایەکی نیوەکارە لە هەولێر، هەردوو کڵۆکی (لگن) شکاوە و هەنووکە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەولێردایە.

چەند ڕۆژ پیش، کرێکارێکی کورد بە ناوی "حوسێن مەحموودی"، خەڵکی پیرانشار، لە کاتی کارکردن لە بینایەکی نیوەکارە لە هەولێر بەربووەوە و بەو هۆیەوە بەسەختی بریندار بوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، ئەو کرێکارە لەو ڕووداوەدا هەر دوو کڵۆکی شکاوە و هەنووکە پارەی نەشتەرگەریی نییە و پزیشکەکانی ئەو نەخۆشخانەیە بەهۆی نەبوونی پارە نەشتەرگەریی بۆ ناکەن.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی پێنجشەممە، ٣ی ڕێبەندان، لاوێکی سەڵماسی بە ناوی "بەهمەن حەسوویان" کوڕی "ڕەحیم"، خەڵکی گوندی "ستوون ڕەشـ"ـی شەپیرانی سەڵماس، بەهۆی داڕمانی خانوو بە سەریدا لە دهۆک گیانی لەدەست دا.

ئەو هاووڵاتییە کرێکارە بووە و بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانی ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردبوو.