بریندار بوونی کۆڵبەرێکی کورد لە شاری سەردەشت

14:08 - 1 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری سەردەشت، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران بە سەختی بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆڵبەرێکی کورد کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بریندار ببوو، بۆ نەخۆشخانە ڕاگوێزرا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت، شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردەی بە\" محەممەد خالیدی\" ڕاگەیاندووە.

ئەم کۆڵبەر کوردە، شەوی شەممە ٢٩ی ڕەزبەر، لەگەڵ ژمارەیەک لە کۆڵبەران لە ناوچەی \"قەندۆڵ\"ی شاری سەردەشت کرابوونە ئامانجی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم کۆڵبەرە کوردە بە هۆی بەرکەوتنی چەند گوللە لە \"نێوقەد\"ییەوە بە سەختی بریندار و بە هۆی سەختی برینەکەیەوە بۆ ناوەندی دەرمانی شاری ورمێ ڕاگوێزراوە.

بریندار بوونی ئەم کۆڵبەرە کوردە هاوکاتە لەگەڵ کوژرانی کاسبکارێکی کورد بە ناوی \"پشتیوان موعین\" خەڵکی گوندی \"گەوڵان\"ی شاری سەردەشت.

پشتیوان موعین شەوی ٢٩ی ڕەزبەر، لە ڕێگای دۆڵەبی هەڵکەوتوو لە ناوچەی ئالانی شاری سەردەشت بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان گیانی لە دەست دا.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ١٢١ کۆڵبەری کورد لە ناوچەکانی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران کوژراو و بریندار بوون.