بریندار بوونی کۆڵبەرێکی کورد لە شاری بانە

13:39 - 1 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتیی لە شاری بانە، کۆڵبەرێکی کورد بە سەختی بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوانیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی گوندی \"برۆێشکانێ\" شاری بانە بە ناوی \"مێهدی ئەحمەدپوور\" بە تەقەی هێزە نیزامییەکان پێکرا و ڕەوانە نەخۆشخانەی شاری بانە کرا.

هاوکات لەگەڵ ئەم کۆڵبەرە کوردە، کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی \"کارساز عەزیزی\" تەمەن ٣٠ ساڵ کوڕی مەحموود، خەڵکی گوندی \"کێلێ\" سەر بە شاری بانە، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری \"نەنۆر\" بە سەختی بریندار کرا، کە دواتر ناوی بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ڕاگەیەندرا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری بانە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، بارودۆخی تەندروستی ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتیی نالەبار ڕاگەیەندراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو ڕووداوەدا بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای ڕاگەیاند: ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە پێیان ڕاگەیەندراوە کە کەس ناتوانێ بیانبینێت هەتا نەشتەگەریان بۆ دەکرێت.

لینکی پێوەندیدار:
کۆڵبەرێکی لاو لە شاری بانە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی پێکرا