بریندار بوونی کۆڵبەرێکی کورد لە سەردەشت و ڕەوانە کردنی بۆ نەخۆشخانەی ورمێ

22:03 - 23 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرکی کورد خەڵکی شاری سەردەشت، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بە سەختی بریندار و ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری ورمێ کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٢ی بەفرانبار، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"شەهریار خزری\" تەمەن ٢٠ ساڵ خەڵکی شاری سەردەشت بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بە سەختی بریندار کرا.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بەبێ ئاگادار کردنەوەی پێشوو لە ناوچەی \"باژاڕ\"ی شاری سەردەشت، تەقەیان لەم کۆڵبەرە کوردە کردووە و ناوبراو بە هۆی کاریگەری بوونی برینەکەیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری ورمێ کراوە.

هەروەها، چەند ڕۆژ پێش، کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە ناوی \"عەقیل ئیبراهیمی\"تەمەن ٢٦ ساڵ کوڕی عەبداڵ خەڵکی ناوچەی مەرگەوەڕ، لە کاتی کۆڵبەری بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بە سەختی بریندار بوو.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی بەفرانبار، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە سنووری شاری بانە دەکەونە بۆسەی هێزە نیزامییەکان و لە ئاکامدا کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"هیدایەت محەممەدی\" تەمەن ٣٥ ساڵ کوڕی تاهیر لە بەخشی ئارمردەی شاری بانە بە سەختی بریندار بوو.