بریندار بوونی کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری شاری پیرانشار

20:44 - 23 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی شاری پیرانشار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری ئەو شارە بریندار و بۆ نەخۆشخانە ڕاگوێزرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٣ی ڕەزبەر، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"کاوە دەشمیر\" خەڵکی گوندی \"گزگسک\"ی شاری پیرانشار بە تەقەی هێزە نیزامییەکان بریندار کرا.

هێزە نیزامییەکان بەبێ ئاگادار کردنەوەی پێشوو تەقەیان لەم کۆڵبەرە کوردە کردووە و پاش بریندار بوونی لە لایەن دانیشتووانی خەڵکی ئەو ناوچەیەوە، بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندەی دەرمانی شاری پیرانشار کراوە.

تەقە لە کۆڵبەران لە کوردستان لە حاڵێکدایە کە حوسێن زوڵفەقاری، جێگری سیاسی ئەمنییەتی وەزیری ناوخۆی ئێران لە وتووژێکدا لەگەڵ هەواڵنێری \"ئیلنا\"، سەبارەت بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان لە کۆڵبەران ڕایگەیاندووە: \"ئێمە شتێکمان بە ناوی کۆڵبەر نییە\"؛ وشەی کۆڵبەری ئێمە نازانین لە کوێوە هاتووە و کێ دایهێناوە، هەم بۆ خەڵک و هەمیش بۆ بەرپەرسانی حکوومەتی کێشەی دروست کردووە\".

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو: \"من دەبینم کە هێندێک لە بەرپرسانی ئەم پرسانە باس دەکەن و وشەی کۆڵبەر بە کار دەبەن، ئەوانەی کە لە سنوورە نایاساییەکان هاتوچۆ دەکەن، ئەوان کۆڵبەر نین، قاچاخچین و کاری قاچاخیش نەکەن، هەر هاتوچۆش قەدەغە و نایاساییە\".

نەبوونی هەلی کار، نەبوونی سەرمایەگوزاریی حکوومەتی لە پارێزگاکانی کوردستانی ئێران و پێناسەی نادروست بۆ ئابووریی سنوور، کە بووەتە هۆکاری ڕاکێشانی لاوانی کورد بەرەو لای کاری کۆلبەری، بە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرینبوونەوەی پرسی کۆڵبەری لە ناوچەکانی کوردستانی ئێران بە ئەژمار دێت.

بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان، ئاڵوگۆڕی کاڵا لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ئێران لەگەڵ کوردستانی تورکیا و عێراق، زیاتر لە ٩٠ ساڵە لە سنوورەکان ئەنجام ئەدرێت.