بریندار بوونی کۆڵبەرێکی دیکە لە ناوچەی سەردەشت

15:56 - 22 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: لە ناوچەی سنووری شاری سەردەشت یەکێکی دیکە لە کۆڵبەران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە توندی بریندار بوو.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢١ی جۆزەردان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"جەلال\" لە ناوچەی بێتوشی شاری سەردەشت کەوتە بەر پەڵاماری تەقەی هێزەچەکدارەکانی حکوومەتی و بریندار کرا.

ئەو کۆڵبەرە کورد خەڵکی گوندی زمزیرانی شاری سەردەشتە.

دەوترێ، پاش ئەو ڕووداوە جەلال بۆ چارەسەر پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە و هەنووکە لە ژێر چاوەدێری پزیشکان دایە و بە وتەی پزیشکان ئەگەر گیان لە دەستدانی ناوبراو لە ئارا دایە.
هەروەها، ڕۆژی پێنج شەممە رێکەوتی ٢٠ جوزەردان، کۆڵبەرێکی دیکە کورد بە ناوی نەجمەدین قادر پوور تەمەن ٢٤ ساڵە، لە ناوچەی سنووری شاری پیرانشار کەوتە بۆسەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتیی کوژرا.

بەپێی داب و نەریت و ڕەوشت، پێناسی کۆڵبەر، بە کەسانێک دەوترێ، کە کەرەسە و شتومەکەکەیان لە سەر پشت و یان کۆڵ هەڵدەگرن.

بەپشتبەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، ٥٨ کۆڵبەری کورد بوونە قوربانی تەقەی استەخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتیی و کە گیان لە دەستدانی ٢٩کۆڵبەری لێکەوتەوە.