بریندار بوون و دەستبەسەرکردنی ٥ کاسبکاری کورد لە سەردەشت

13:53 - 13 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: کاسبکارێکی کورد خەڵکی شاری سەردەشت بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە نزیک گوندی دۆڵەبی شاری سەردەشت بریندار کرا.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ١١ی سەرماوەز، کاسبکارێکی کورد بە ناوی \"ئیبراهیم\" بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە نزیک گوندی دۆڵەبی سەر بە شاری سەردەشت بە سەختی بریندار کرا.

بەپێی ئەم هەواڵە، ئەو کاسبکارە کوردە لەگەڵ ژمارەیەک لە کاسبکارانی خەڵکی ئەو ناوچەیە لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتییەوە تەقەیان لێ دەکرێت و لە ئاکامدا، ئیبراهیم بریندار دەبێت و ٥ کاسبکاری دیکەش دەسبەسەر دەکرێن.

هەر لەم هێرش‌بردنەدا، هێزە ئینتزامییەکان ١٧ سەر ئەسپی کاسبکارانیان کوشتووە.

لەلایەکی دیکەشەوە، ڕۆژی ڕابردوو ١٢ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی ناوچەی تەرگەوەری ورمێ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان بە سەختی بریندار بووە و ئێستا ئەو کۆڵبەر کوردە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ لەژێر چاودێری پزیشکیدایە.

شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردە بە \"سمکۆ جەبلی\" ڕاگەیەندراوە کە بەپێی سەرچاوەکان ئەو کۆڵبەرە کوردە لە لای لاقی سێ گوللەی بەرکەوتووە.