بریندار بوون و دستبەسەر کردنی ٧ کۆڵبەری کورد لە سەردەشت

14:31 - 7 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: هەنگی سنووری شاری سەردەشت، لە گوندی\"بێتوشی\" شاری سەردەشت تەقەیان لە ٧ کۆڵبەری کورد کرد و پاش بریندار بوونی کۆڵبەرێک، ئەو ٧ کۆڵبەرە کوردیان دەستبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی خەرمانان، ٧ کۆڵبەری کورد خەڵکی شاری سەردەشت لە لایەن هەنگی سنووری درانە بەر دەستڕێژ و گوللە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بریندار بوو.

شوناسی ٦ کەس لەو ٧ کۆڵبەرە دەستبەسەر کراوانە، کە بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون بووتەوە بەم چەشنەیە\"

بەهمەن سلێمانپوور
هوشیارسلێمانپوور
محەممەد عەزیزی
ئەحمەد حەسەنزادە
شاهۆ حەمزەیی
\"سۆران\" خەڵکی گوندی\"شەلە سێو\" بریندار

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت ڕایگەیاند: ئەو حەوت کۆڵبەرە کوردە خەڵکی گوندکانی \"بێوران\" و دەورووبەری ئەو گوندەن و هیچ جۆرە شتومەکێکی قاچاغیان پێ نەبووە.

بەپێی ئەو سەرچاوە، ئەو ٧ کۆڵبەرە کوردە، لە سنووری\"کێلێ\" شاری سەردەشت لە لایەن هێزەکانی هەنگی سنووری\"بەردەپان\" لە کاتێکدا بۆ سنوور دەچوون دراونەتە بەر دەستڕێژ و پاش بریندار کردنی کۆڵبەرێک، دەستبەسەریان کردوون.

ساڵانە زیاتر لە سەدان کۆڵبەر بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان، هەرەسی ڕنوو، سەرما و سۆڵە، کەوتنەخوار لە بەرزاییەکان و ڕاوەدوونانیان لە لایەن هێزە نیزامییەکانەوە، گیانیان لە سەر سنوورەکانی کوردستان لەدەست دەدەن، کە زۆرترینی ئەو حاڵەتانە بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی ‌هێزەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانە.

چالاکانی مەدەنی کوردستان لە سەر ئەو باوەڕن تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، پرسی کۆڵبەرانی بە تراژدیا کردووە.