برای زیندانییەکی سیاسی کورد مەحکووم بە ئێعدام دەسبەسەرکرا

18:55 - 9 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ برای زیندانییەکی سیاسی کورد مەحکووم بە ئێعدام لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ دەسبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ شەممە ٩ی پووشپەڕ، \"فەرهاد عەبدوڵلاپوور\"، برای هیدایەت عەبدوڵلاپوور زیندانیی سیاسی کورد مەحکووم بە ئێعدام لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو هاووڵاتییە کوردەیان پاش دەسبەسەرکردن بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواست.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، \"هیدایەت عەبدوڵاپوور\" کوڕی ئەبووبەکر زیندانی سیاسی کورد بۆ دووهەمین جار لە دادگای ئینقلابی شاری ورمێ دادگایی کرا؛ دادگا ناوبراوی بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران\" دووبارە بە ئێعدام مەحکووم کرد.

نزیکانی بنەماڵەی ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە دەڵێن: \"هیدایەت عەبدوڵلاپوور لە ژێرگوشاری و داواکاری حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شاری ورمێ بە ئێعدام مەحکووم کراوە\".

بنەماڵەی هیدایەت عەبدوڵلاپوور لەژێر هەڕەشەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆدان و چەند جارێک ئەو بنەماڵەیە بانگهێشت و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە.