برای زارا محەممەدی: ئیتلاعات بۆ پشتڕاستکردنەوەی تومەتی وەپاڵدراوی زارا محەممەدی هیچ بەڵگەیەکی نییە

11:57 - 12 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: ئەندامێکی دەسبەسەرکراوی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی "نۆژین"، بۆ تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی، لە لایەن ئیتلاعاتەوە لەژێر گوشاردایە.

"هەیبەت محەممەدی" برای "زارا محەممەدی"، لە وتووژێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ڕایگەیاند: "چارەنووسی زارا محەممەدی زیاتر لە ٥ مانگە ناڕوونە و دۆسیەی ناوبراو لە لقی دووی لێپرسینەوەی دادگای ئینقلابی شاری سنە، لە حاڵی تاوتوێکردندایە".

"هەیبەت محەممەدی" هەروەها ڕایگەیاند: "پاش بەدواداچوونی پارێزەرەکانی زارا محەممەدی، توانییان دۆسیەکەی ناوبراو موتاڵا بکەن و ئیتلاعات بۆ پشتڕاستکردنەوەی تۆمەتە دروستکراوەکانی ئەو ئەندامە دەسبەسەرکراوەی نۆژین، هیچ بەڵگەیەکیان لەبەر دەستدا نییە".

براکەی "زارا محەممەدی" پێداگریی لەسەر ئەوە کرد کە ئیتلاعات هەڕەشەی لە زارا محەممەدی کردووە کە لە ئەگەری قەبووڵ نەکردنی تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی، باوکی ناوبراو کە تەمەنی ٧٠ ساڵە دەسبەسەر دەکات.

ماوەیەک پێش،  دادوەر "شاهگڵدی"، بۆ ئازادکردنی "زارا محەممەدی"، بارمتەی ٧٠٠ ملیۆن تمەنییان داوا کردبوو و بنەماڵەی محەممەدی ئەو بارمتە دیاری کراوەیان دابین کردبوو، بەڵام بەرپرسی لقی دووی لێکۆڵینەوەی دادگای ئینقلابی شاری سنە، لە وەرگرتنی ئەو بارمتەیە خۆی بواردبوو.

"زارا محەممەدی"، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی جۆزەردان، لەگەڵ دوو چالاکی مەدەنیی کورد بە ناوەکانی "ئیدریس مێنبەری و ڕێبوار مێنبەری"، خەڵکی شاری سنە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.