باوکی چالاکێکی سیاسی ـ مەزهەبی لە شاری کرماشان دەسبەسەر کرا

15:22 - 2 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: باوکی چالاکێکی سیاسی ـ مەزهەبی لە شاری کرماشان دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئەمنییەتییەکان، لە شاری کرماشان، باوکی چالاکێکی سیاسی _ مەزهەبی بە ناوی\" هەیبەتوڵڵا ڕەحیمی\" ڕۆژی ١٢ی ڕەشەمە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتیی، بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی باوکی ئەو چالاکە سیاسی _ مەزهەبییە و دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا، دەڵێت: هێزە ئەمنییەتییەکان، بە هۆی چالاکیی ئەو چالاکە سیاسی _ مەزهەبییە، چەند جارێک هۆشداریان بە بنەماڵەی ناوبراو داوە، کە لە ئەگەری دەرێژەدان بە چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە دژی حکوومەتی ئێران، باوکی وەکوو بارمتە دەسبەسەر دەکەن.

هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، باس لەوە دەکات، کە سوودنا ڕەحیمی چالاکی سیاسی _ مەزهەبییە، کە لە کاتی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان لە شاری کرماشان، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پشتیوانی لەو ناڕەزایەتییانە دەربڕیوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە هێزە ئەمنییەتییەکان، چەند جارێک هۆشداری بە بنەماڵەی ناوبراو بدەن.

ئەو سەرچاوەیە، بۆ ئاژانسی کوردپا ئەوەشی خستەڕوو، کە بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی هەیبەتوڵڵا ڕەحیمی بۆ ئاگادار بوون لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو، هەتا ئێستا بێئاکام بووە و هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک سەبارەت بە بنەماڵەی ناوبراو خۆ دەبوێرن.

سوودنا ڕەحیمی بە هۆی چالاکی سیاسی _ مەزهەبی لە ساڵی ٢٠١٥ زایینی، لە ژێر گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکان لە شاری کرماشان، زێدی خۆی بەجێ هێشت و ڕووی لە یەکێک لە وڵاتانی ئورووپای کردووە.