باوکی زانیار مورادی: ئێعدامی لوقمان و زانیار بە دوور لە چاوەڕوانی نییە

20:06 - 20 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: ئێقباڵ مورادی باوکی زانیار مورادی ئێعدام کردنی زانیار و لوقمان مورادی لە لایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە دوور لە چاوەڕوانی نازانێت.

باوکی زانیار مورادی لە دیمانەیەکدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند کە رۆژی شەممە رێکەوتی ١٦ی بەفرانبار بەرپرسێکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی حکوومەتی ئێران چاوی بە زانیار و لوقمان کەوتووە و خۆی بە مەئمووری ئاماری زیندانیان پێ ناساندوون و پێی راگەیاندوون کە بە چ هۆکارێک ئێوە هەتا ئێستا ئێعدام نەکراون؟

ئێقباڵ مورادی ئاشکرای کرد، ئیمام جومعەی شاری مەریوان لەسەر داوای وەزارەتی ئیتلاعات و بە مەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدامی زانیار و لوقمان سەردانی شاری تارانی کردووە، ئەوەش لە کاتێک دایە ئیمام جومعه‌ی مه‌ریوان پیشتر له‌ نوێژی هه‌ینیدا رایگه‌یاندبوو که‌ زانیار و لوقمان بکوژی کوڕه‌که‌ی ئه‌و نین.

باوکی ئەو زیندانییە ئاماژەی بەوەشدا، لەو ماوەی نزیک بە ٤ ساڵ لە دەستبەسەر کرانیاندا هیچ کەس چاوی بە زانیار و لوقمان نەکەوتووە و تەنانەت لە بوونی پارێزەریش بێبەری کراون و هەتا ئیستا یەک کەس بە ناوی\"حەسەن پایەدار پەیگیری دۆسیەی ئەو ٢ زیندانییە بووە و هەر جارێک کە سەردانی قازی \"سەڵواتی\" کردووە، بەرەوڕووی تووڕەیی و بێ حورمەتی کردنی ناوبرا بۆتەوە.

ئەمە لە حاڵێك دایە كە حوكمی ئێعدامی زانیار و لوقمان مورادی كە لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پەسند كراوە، رێكەوتی ١٧ی رێبەندان هەواڵدەریی میهر بە شێوەی فەرمی لەزاری دادوەر \"عومرانی\" لێپرسراوی ئیدارەی دەفتەری دیوانی باڵای ئێرانەوە بڵاوی كردەوە.

\"10660.jpg\"
زانیار و لوقمان مورادی
زانیار و لوقمان مورادی رێكەوتی ١٠ی گەلاوێژ و ٥ی رەزبەری ساڵی ١٣٨٨دوو لاوی كورد بە تۆمەتی كوشتنی كوڕی ئیمام جومعەی شاری مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر كران.

ئەو ٢ زیندانییە هەتا ٩ مانگ پاش لە دەستبەسەر کران هیچ تاوانێكیان نەردابوویە پاڵ و لە گرتنگەكانی ئیتلاعات دەستبەسەر بوون.

مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٨٩ لەلایەن قازی سەڵواتی لە لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە تاوانی \"محارب و مفسد فی الارز\" هەر دوویان حوكمی ئیعدام و جێبەجێ کرانی ئەو حوکمە لەبەر چاوی خەڵکیان بۆ بڕایەوە.

پاش رەوانە كردنی ئەو حوكمە بۆ لقی ١٤ی دیوانی باڵای وڵات حوكمی ئیعدامیان پەسند كرا و قازی عومرانی لێپرسراوی ئیدارەی نووسینگەی دیوانی باڵای وڵات وتوویە: سەلاحییەتی پێداچوونەوە بەو پەروەندە لە ئەستۆی دادگای كەیفەریی پارێزگای تارانە.

جگه‌ له‌م دوو زیندانییه‌، له‌ ئێستادا زیاتر لە ٢٧ چالاکی سیاسی و مه‌ده‌نیی کوردی دیکه‌ له‌ زیندانه‌کانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران چاوه‌ڕوانیی جێبه‌جێکردنی حوکمی ئێعدام دەکەن.