باوک و کوڕێکی سەقزی لە ئاو دا خنکان

16:00 - 13 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: بنەماڵەیەکی کورد خەڵکی شاری سەقز، کە بۆ گەشت و سەیران ڕوویان لە شوێنە گەشتیارییەکانی ئەو شارە کردبوو، لەگەڵ ڕووداوێکی ناخۆش بەرەڕوو بوونەوە و بە هۆیەوە دوو کەس لە ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە لە ئاودا خنکان.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی ڕابردوو ١٢ی پووشپەڕ، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٠ ساڵ لە کاتی مەلەکردن و ناشارەزایی لە مەلە کردن، لە ئاودا خنکا و باوکی ئەو مێرمنداڵەش کە بۆ ڕزگار کردنی کوڕەکەی خۆی لە ئاو هاویشتبوو لە ئاو دا خنکا.
شوناسی ئەو باوک و کوڕە بە ناوەکانی \"سەید ئومید\" باوک و \"سیامەک\" کوڕ، تەمەن ١٠ ساڵ ڕاگەیەندراوە.

سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن کە، سیامەک سەرەتا دەکەوێتە نێو ئاوەکە و باوکیشی بۆ ڕزگار کردنی گیانی کوڕەکەی خۆی دەخاتە نێو ئاوەکە بەڵام بە هۆی ناشارەزایی لە مەلەکردن هەردوو کیان لە ئاودا دەخنکێن.

هەر لەو پەیوەندییەدا، لە شاری سەقز، هاووڵاتییەکی تەمەن ٣٢ ساڵ بە ناوی \"سادق کەریمی\" کە لەگەڵ بنەماڵەکەی چبوونە گەشت و سەیران لە نزیک ڕووباری گوندی \"قشلاق\" دەکەوێتە نێو ئاوەکە و گیانی لە دەست دەدات.

ناشارەزایی لە مەلە کردن و نەبوونی تابلۆکانی ڕێنوێنی و هۆشداری لە شوینە گەشتیارییەکان، ساڵانە چەندین هاووڵاتیی کورد دەکاتە قوربانی.