باوک و کوڕێک بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەیان ڕەوانەی زیندانی شنۆ کران

12:17 - 2 بەفرانبار 2721

ڕۆژی چوارشەممە ١ی بەفرانبار، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ئیبراهیم حوسێنی" تەمەن ٥٦ ساڵ و "سەلاحەدین حوسێنی" تەمەن ٢٨ ساڵ، خەڵکی گوندی "ئاڵیاوێ" سەر بە شنۆ، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەیان ڕەوانەی زیندانی شنۆ کران.

ئەو دوو هاووڵاتییە کە باوک و کوڕن، ڕێکەوتی ١ی بانەمەڕی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی شاری ورمێ کرابوون.

هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو دوو هاووڵاتییەیان بە تۆمەتی "ئەندامیەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر کردبوو.

ڕێکەوتی ٥ی جۆزەردانی ئەمساڵ، ناوبراوان بە بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون و مانگی خەرمانانی ئەمساڵ، "ئیبراهیم حوسێنی" بە ٧ ساڵ و ٧ مانگ زیندانی تەعزیری  و "سەلاحەدین" بە ٢ ساڵ زیندانی تەعزیری، لەلایەن دادگای ئینقلابی شنۆ مەحکووم کرابوون.

پاش ناڕەزایەتی دەربڕینی ئەو دوو هاووڵاتییە بە حوکمەکەیان، ئەو حوکمە ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ کرابوو و لە کۆتاییدا لەلایەن ئەو دادگایەوە "ئیبراهیم حوسێنی" بە ٣ ساڵ و نیو زیندانی تەعزیری و "سەلاحەدین" بە ٢ ساڵ زیندانی تەعزیری و ٣ ساڵ زیندانی تەعلیقی، مەحکووم کران.