باهۆزێکی توییتری بە مەبەستی پشتیوانی لە کۆڵبەرانی کورد وەڕێ خرا

21:13 - 28 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە وەڕێخستنی باهۆزێکی توییتری بۆ پشتیوانی لە کۆڵبەرانی کورد دەیانهەوێ لەو ڕێگایەوە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بخانە ژێر گوشارەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە بڵاوکردنەوەی بانگەوازێک لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان داوایان لە خەڵکی کوردستان کردووە، بۆ پشتیوانی لە کۆڵبەرانی کورد لەو باهۆزە توییتریە بەشداری بکەن.

ئامانجی ئەو چالاکانە لە وەڕێخستنی ئەو باهۆزە توییتریە داکۆکی لە مافی ژیان و کەرامەتی مرۆیی کۆڵبەرانی کورد و ناڕەزایەتی لە بەردەوامی کوشتنی کۆڵبەران لە لایەن مەئموورانی دەوڵەتی و گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتی بە ڕێکخراوەکانی جیهانی مافی مرۆڤ و بیروڕای گشتی گەڕاندووتەوە.

کاتی دیاری کراو بۆ دەستپێکی ئەو باهۆزە توییتریە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی جۆزەردان کاتژمێر ٢١ بە کاتی کرماشان ڕاگەیەندراوە.

ئەو باهۆزە توییتریە بە هەشتەکی KurdishLivesMatter# دەست پێ دەکات.

مەبەست لەو کارە\"گەرم\" ڕاگرتنی هەشتک پشتیوانی لە کۆڵبەرانی کوردە کە بە یەکێک لە باسە سەرکییەکانی توییتر بگوڕدرێت و و ڕاگەیەنە باوەڕ پێکراوەکان زیاتر تەزکیر بخەنە سەر ئەو پرسە و حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بخەنە ژێر گوشارەوە.

کۆڵبەری یەکێک لە گەورەترین\"چالش\"ەکانە ڕووبەڕووی خەڵکی ناوچە سنووریەکان بووتەوە و بنەماڵەیەکی زۆر لەو ڕێگایەوە بژیوی ژیانی خۆیان دابین دەکەن.

بەرئاوردی ئاماری لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ ناوچەکانی دیکە نیشان دەدات کە کۆڵبەری پیشەیەکی هەڵبژێرداو نیە بەڵکوو کارێکی ناچاریە و ئەگەر بۆ خەڵکی کوردستان پیشەیەکی دیکە ئیمکانی هەبووایە، بێ گومان زۆربەی خەڵک ڕوویان لە کارە تاقەت پڕوکێنە نەدەکرد.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە ساڵی ڕابردوو (٩٥) لە کۆی ١٥٤ کۆڵبەری کوژرا و بریندرا، ٦٦ کەس کوژراون و ٨٨ کەسی دیکە بریندار بوون.

لە درێژەی کوژران و بریندار بوونی کۆڵبەران ٣ کۆڵبەر تەمەن ١٦ و ١٧ ساڵ بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت کوژرا و بریندار بوون.