بانە/ کوژران و برینداربوونی ٢ کۆڵبەری کورد بە تەقەی هێزە ئینتزامییەکان

16:43 - 13 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی ‌هێـزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێـراندا، دوو کۆڵبەری کورد لە ناوچەی بانە کوژراو و بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی رابردوو رێکەوتی ١٣ی خەرمانان، هێزە ئینتزامییەکانی پاسگای \"بایندەرە\"ی سەربە شاری بانه دەستەیەک لە کۆڵبەران و کاسبکارانی کوردیان دایە بەر دەستڕێژ و لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانەدا کۆڵبەرێک بەناوی \"محەممەد\" و خەڵکی گوندی \"مام سێوەدین\"ی شاری بانە گیانی لەدەست دا.

هەروەها لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی جێگیر لە پاسگای بایندەرە کۆڵبەرێکی خەڵکی ناوچەی سەقز بەناوی \"عەبدوڵڵا\" بە توندی بریندار بووە و بۆ چارەسەریی برینەکانی رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

لەلایەکی دیکەوەو لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی سپای پاسداران بۆ سەر کۆڵبەرانی کورد لە ناوچەی \"تەرگەوەڕ\"ی ورمێ، کٶڵبەریکی کورد بەناوی \"پەیام حەسەنی\" بەهۆی تەقەی راستەوخۆی ئەو هێزانەوە بە سەختی بریندار کرا.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٤٣ کۆڵبەری کورد لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێـزە نیزامیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێمراندا کوژراو و بریندار بوون.

بەپێی ئەو ئامارە ١٧ کۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی هێــزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیــران گیانیان لەدەست داوەو ٢٦ کۆڵبەریش بە توندی بریندار کراون.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بەسەرنجدان بە دۆخی ئەمنیەتیی ناوچە کوردنشینەکانی ئێـران، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.