بانە/ هێزە نیزامییەکان گیانی ٢ هاووڵاتیی کوردیان ستاند

21:15 - 3 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: لە رۆژانی رابردوودا هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی بانە، بوونە هۆی کوژران و برینداربوونی ٣ هاووڵاتیی کورد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ٢هاووڵاتیی کورد لە جاددەی نزیک گوندی \"کەوپێچ\"ی شاری بانە، بەهۆی راوەدوونانی هێـزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێــرانەوە گیانیان لەدەست دا.

دەگوترێت کە هێزە نیزامییەکان بەگومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ شوێن ماشێنی هاووڵاتییاک بەناوی \"حامید گەورەداری\" کەوتوون و لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئەو ماشێنەدا کچێکی ناوبراو و هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی \"سمایل\" گیانیان لەدەست داوە.

هەر لەو رووداوەدا حامید گەورەداری بەتوندی بریندار بووە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری بانە لەژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ١٥ هاووڵاتیی مەدەنیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و لە ئەنجامی راوەدوونان تەقەی هێزە نیزامییەکاندا گیانیان لەدەست داوە.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بەسەرنجدان بە نەبوونی میدیای ئازاد بۆ رووماڵ کردنی هەواڵی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.