بانە/ تەقینەوەی مین گیانی هاووڵاتییەکی ئەستاند

11:27 - 27 جۆزەردان 2720

ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئەحمەد ئەعلەم" خەڵکی گوندی "سۆراو"ی شاری بانە، بەهۆی تەقینەوەی مین گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە کوردە لە کاتی کارکردن لەنێو باخەکەیدا، تووشی ئەو ڕووداوە بووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، "ئەحمەد ئەعلەم" بەهۆی قورسیی برینەکانیەوە لە ئەنجامی تەقینەوەی مین دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ستار ئەسغەری" کوڕی "عەبدوڵڵا" خەڵکی گوندی "لک‌بن" سەر بە بەخشی لاجانی شاری پیرانشار، بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار بوو و چەند قامکی لاقی لەدەست دابوو.

هەروەها، ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "حەیدەر عەلیاری" تەمەن ٣٠ ساڵ، لە بەرزاییەکانی پشت گوندی "سارداو" سەر بە شاری بانە، بەهۆی تەقینەوەی مین کەمئەندام بوو.