بانە؛ کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکان کوژرا

10:44 - 27 رەزبەر 2722

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ڕەزبەر، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "ڕەحمان مام خزری" کوڕی حوسێن، دانیشتووی شاری پیرانشار، بەتەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری بانە، کوژرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە نیزامییەکان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، تەقەیان لەو کۆڵبەرە کردبوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: ئەو کۆڵبەرە بەهۆی بەرکەوتنی گوللـە لە سەر و پشتی، دەسبەجێ گیانی لەدەست داوە.

جەنازەی ڕەحمان مام خزری ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە و لە شوێنی لەدایکبوونی ئەسپەردەی خاک کرا.

لە سەرەتای کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە ڕێکەوتی ٢٦ی خەرمانان هەتا ئێستا، چوار کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی بانە، بە تەقەی ‌هێزە نیزامییەکان، کوژراون.