بانە؛ ژنێکی لاو بە چەک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

16:13 - 6 سەرماوەز 2721

ڕۆژی هەینی ٥ی سەرماوەز، ژنێکی لاو بە ناوی "لاله شەهیدی" تەمەن ٢٥ ساڵ، کچی محەممەد و خەڵکی شاری بانە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو ژنە خێزاندارە و بەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە، گەڕابووەوە ماڵی باوکی و هەوڵی خۆکوژیی دا.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو کە "لاله شەهیدی" لە ماڵی باوکی بە چەک تەقەی لە خۆی کردووە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

هەروەها به‌ وته‌ی هه‌ندێ كه‌س، خۆکوژیی ئەو ژنە تەمەن ٢٥ ساڵەیە، گومانی لەسەرە و ئەگەری هەیە، لەلایەن یەکێک لە نزیکانییەوە کوژرابێت، بەڵام ئاژانسی کوردپا هەتا زانیاریی زیاتری له‌به‌رده‌ستدا نه‌بێ، ناتوانێت ئه‌گه‌ری کوژرانی ئەو ژنە پشتڕاست بکاتەوە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی سەرماوەز، کچێکی لاو بە ناوی "ژاڵە سەحراپەیما"، تەمەن ٢٠ ساڵ، کچی سەعدوڵڵا و خەڵکی "زێوە" سەر بە ناوچەی "مەرگەوەڕ"ی ورمێ، بەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و بەهۆی ڕێژەی زۆری سووتاوییەکەیەوە لە نەخۆشخانەی ورمێ، گیانی لەدەست دا.

هەروەها، ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی خەزەڵوەر، کچێکی تەمەن ١٤ ساڵ بە ناوی "ئێلینا سادقی" کچی "ئەمیر" و خەڵکی شاری کامیاران، هەوڵی خۆکوژیی داوە.

ئەو مێرمنداڵە بەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە و لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.