بانە؛ هوشیار شەعبانی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

13:26 - 24 خەزەڵوەر 2721

ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "هوشیار شەعبانی" خەڵکی شاری بانە، بە دانانی بارمتە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتە هەتا کاتی دادگاییەکەی بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.

لەو ماوەیەدا، ئەو هاووڵاتییە بەهۆی خوێنبەربوونی گەدە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبی ڕاگوێزرابوو.

بەهۆی لێدان و ئەشکەنجەکردنی هێزە ئەمنییەتییەکان، هوشیار شەعبانی تووشی خوێنبەربوونی گەدە هاتبوو.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، تەنیا جارێک پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە و لە "دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" بێبەری کرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی خەرمانان، ئەو هاووڵاتییە بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و هەتا ئێستا لە هۆکاری گیران و تۆمەتی ‌وەپاڵدراو دژی ناوبراو زانیارییەکی ورد بە دەست نەهاتووە.