بانە؛ هاووڵاتییەک لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

11:54 - 27 رەزبەر 2721

ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی ڕەزبەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "شەریف ئەمینی"، تەمەن ٣٧ ساڵ، کوڕی ئەحمەد و خەڵکی گوندی "شوێ" سەر بە بانە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کراوە.

هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ناوبراویان دەسبەسەر کردووە و هەتا ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراو بێئاکام ماوەتەوە.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی شەریف ئەمینی، زانیارییەکی ورد لەبەردەستدا نییە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢ی خەرمانانی ٩٩، ئەو هاووڵاتییە کوردە بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و رۆژی یەکشەممە ٢٣ی خەرمانانی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی، بە شێوەی کاتی لە گرتنگە ئازاد کرابوو.

شەریف ئەمینی، پاش دەسبەسەرکرانی لە مانگی خەرمانانی ٩٩، بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرابوو و پاشان لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سەقزەوە، بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکیک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٨ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.