بانە؛ ناوەندە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لە بەڕێوەبەرانی کاناڵە تێلێگرامییەکانی ئەو شارە کرد

12:08 - 9 خەرمانان 2722

پاش بڵاوبوونەوەی فیلمی بە خاکسپاردنی ئاراس محەممەدپوور، کۆڵبەری سەردەشتی لە کاناڵە تێلێگرامییەکانی شاری بانە، ناوەندە ئەمنییەتییەکان، هەڕەشەی داخرانی ئەو کاناڵانەی کرد کە هەواڵی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران، ڕووماڵ دەکەن.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوەندە ئەمنییەتییەکان لەگەڵ بەڕێوەبەرانی ئەو کاناڵانە پەیوەندییان گرتووە و هەڕەشیان کردووە کە لە هەر جۆڕە هەواڵی ڕووماڵکردنی پەیوەندییدار بە کۆڵبەران، خۆیان ببوێرن.

لە لایەکی دیکەوە، پۆلیسی فەتای شاری بانە بە ناردنی دەقێک بۆ بەڕێوەبەرانی کاناڵە تێلێگرامییەکان بەوانی ڕاگەیاندووە: "سەرەڕای سنووری بوونی شاری بانە و کەڵکاژوو وەرگرتن لە ڕووماڵکردنی بریندابوونی کۆڵبەران، لە بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە هەواڵێکی پەیوەندیدار بە کۆڵبەرە خۆ ببوێرن وهەرچی زووتر ئەو پۆستی پەیوەندییدار بە کۆڵبەران، بسڕنەوە".

لە ماوەی ڕابردوودا، ستادی خەبەری ئیدارەی ئیتلاعاتی گوشاری زیاتری خستبووە سەر بەڕێوەبەرانی کاناڵە تێلێگرامییەکان لە شاری بانە، کە هەواڵی کوژران و بریندابوونی کۆڵبەران ڕووماڵ دەکەن.

ڕۆژی یەکشەممە ٦ی خەرمانان، "ئاراس محەممەدپوور" خەڵکی شاری سەردەشت کە حەوتووی ڕابردوو، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری بانە، بە سەختی پێکرابوو لە نەخۆشخانەی "کەوسەر"ی سنە گیانی لەدەست دابوو.