بانە؛ عەبدولواحید عەباسی‌زادە بە سێ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا

10:52 - 22 خاکەلێوه 2722

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "عەبدولواحید عەباسی‌زادە" تەمەن ٣٥ ساڵ کوڕی عوسمان، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سەقز، جێگیر لە شاری بانە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەکبەر میرزایی" بە سێ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

دادگای ئەو هاووڵاتییە بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە لە بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە سێ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کردبوو و ئەو حوکمەش ڕۆژی سێشەممە ١٦ی خاکەلێوە، بەو هاووڵاتییە ڕاگەیەندرابوو.

کۆبوونەوەی دادگایی کردنی ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠، لە دادگای ئینقلابی شاری سەقز جێگیر لە شاری بانە، بەڕێوە چووبوو.

بڕیاری دەرچوو دژی عەبدولواحید عەباسی‌زادە بە ئامادەبوونی خۆی بووە و لە ماوەی ٢٠ ڕۆژدا لەو ڕێکەوتە دەتوانێ داوای پێداچوونەوە بەو حوکمە بکات.

عەبدولواحید عەباسی‌زادە خەڵکی گوندی "کەوپێچی خواروو"ی شاری بانە، ڕۆژی شەممە ١ی سەرماوەزی ساڵی ٩٩، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن ‌هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی دووشەممە ١٧ی سەرماوەزی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتیی هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کرابوو.