بانە؛ سێ کۆڵبەر بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران کوژران و بریندار بوون

10:42 - 18 رەزبەر 2722

ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕەزبەر، کۆڵبەرێک بە ناوی "شارام واسڵی" کوڕی تەها خەڵکی شاری بانە، بەهۆی تەقەی ‌هێزەکانی سپای پاسداران لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی ئەو شارە، گیانی لەدەست دا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لەو ڕووداوەدا، دوو کۆڵبەری دیکە برینداربوون کە ناوەکانیان بۆ ئاژانسی کوردپا، ڕوون نەبووەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: هێزەکانی سپای پاسداران، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، تەقەیان لەو کۆڵبەرانە کردبوو.

لەلایەکی دیکەوە، بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، کاروانێک لە هێزەکانی سپای پاسداران بە کەرەستەی قورسی نیزامی لە سنووری بانە، جێگیر کراوە و داوایان لە دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکانی ئەو شارە کردووە کە هەتا کاتی دیاریکراو، لە هاتوچۆکردن لەو ناوچانە، خۆیان بپارێزن.

میدیاکانی سەر بە سپای پاسداران پاش گشتگیربوونی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان لە شارەکانی کوردستان، باس لە هێرشی دەرەوەی سنوورەکان بۆ سەر حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزیسیۆنی حکوومەتی ئێران دەکەن.

وێنە: شارام واسڵی