بانە؛ دوو ژن و سێ پیاوی چالاک لە شاری بانە دەسبەسەر کران

12:22 - 7 بانەمەڕ 2722

ڕۆژی سێشەممە ٦ی بانەمەڕ، پێنج چالاکی کورد بە ناوەکانی "حەسەن عێزەتی"، "نیشتمان ڕەحمەتی"، "سەعید محەممەدی"، "پەروین عەبدوڵڵاپوور" و "عومەر سلێمانی" خەڵکی شاری بانە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە بەرەبەری ڕۆژی جیهانیی کرێکاران، هێزە ئەمنییەتییەکان سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٦ی بانەمەڕ، هێرشیان بردووەتە سەر ماڵی ئەو ٥ چالاکە کوردە و ئەوانیان بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "دەسبەسەرکردنی ئەو ٥ هاووڵاتییە لەگەڵ توندوتیژی بووە و هەندێک کەرەستەی کەسیی ئەوان بە تایبەت مۆبایلەکانیان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: "نیشتمان ڕەحمەتی هاوژینی سەعید محەممەدییە و پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کراوە".

ئەو سەرچاوە ئاگادارە لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: "حەسەن عێزەتی بەرپرسی سەندیکای کرێکارانی شاری بانەیە، پەروین عەبدوڵڵاپوور چالاکی مەدەنی و هاوژینی حەسەن عێزەتی، عومەر سلێمانی، چالاکی کرێکاری تەمەن ٥٨ ساڵ و زیندانیی سیاسیی پێشوو، سەعید محەممەدی تەمەن ٤٣ ساڵ چالاکی کرێکاری و زیندانیی سیاسیی پێشوو، بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی شاری سنە کراون".

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری گیران و تۆمەتی‌ وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییانە، هیچ زانیارییەک بەدەست نەهاتووە.