بانە؛ دوو هاووڵاتیی ناڕازی بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان گیانیان لەدەست دا

11:55 - 6 خەزەڵوەر 2722

ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی خەزەڵوەر، دوو هاووڵاتیی ناڕازی بە ناوەکانی "موتەلیب سەعیدپەیرۆو" خەڵکی بانە و "فەریدوون فەرەجی" تەمەن ٢٨ ساڵ خەڵکی شاری سەقز، لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی شاری بانە، بە تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان گیانیان لەدەست دا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو هاووڵاتییە ناڕازییە بەهۆی گوللـەی جەنگی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە کوژراون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو جەنازەی ئەو دوو هاووڵاتییە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبی لە شاری بانە کراون.

ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی ڕەزبەر، لە درێژەی خۆپیشاندانەکان لە شارەکانی کوردستان و ئێران، هاووڵاتییانی ناڕازی لە شاری بانە بە گرتنی شەقامەکان و کردنەوەی ئاگر و دانی دروشم، دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان بەرز کردەوە.

ئەو کۆبوونەوەیە بە دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەتییەکان توندوتیژی لێکەوتەوە و هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بە تەقەکردن لە خەڵک کرد.