بانە؛ حەوت هاووڵاتیی کورد بە دانانی بارمتە ئازاد کران

10:48 - 13 بەفرانبار 2721

ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی بەفرانبار، حەوت هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "فەرهاد پزیشکی، وەفا پزیشکی، ئەحمەد پزیشکی، کامران پزیشکی، لوقمان پزیشکی، کەریم فرووزش و عوسمان محەممەدپوور"، خەڵکی بانە، بە دانانی بارمتە لە زیندانی سنە ئازاد کران.

ئەو حەوت هاووڵاتییە هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەیان لە زیندانی سنە ئازاد کران.

ناوبراوان لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا پاش کۆتایی ماوەی لێپرسینەوەکەیان لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو حەوت هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەربوونیاندا لە مافی "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە" بێبەری بوونە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر، ئەو حەوت هاووڵاتییە بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرابوون.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی دژی ئەو حەوت هاووڵاتییەی خەڵکی بانە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.