بانە؛ بەردەوامیی مانگرتنی فاتێح مەجیدی، مامۆستای دەرکراو و چالاکی کرێکاری
فاتێح مەجیدی مامۆستای دەرکراو و چالاکی کرێکاریی خەڵکی شاری بانە، لە ڕۆژی دووشەممە ١٩ی بانەمەڕ، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەمەڕ دەسبەسەرکرانی نایاسایی و بێبەریکردنی لە دەستپێڕاگەیشتن بە دەوا و دەرمانەکانی، مانی لە خواردن گرتووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بارودۆخی گشتیی ئەو چالاکە کرێکارییە پاش مانگرتنگەکەی نالەبار ڕاگەیەندراوە.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "لەو ماوەیەدا فاتێح مەجیدی بە دەست و پێ بەستراوەیی بۆ دەرەوەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە ڕاگوێزراوە و دواتر لە نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبی بۆ گرتنگە گەڕێندراوەتەوە".
ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "فاتێح مەجیدی نەخۆشیی دڵ و گورچیلەی هەیە و دڵی ئەو چالاکە کرێکارییە بە باتری کار دەکات".
ئەو چالاکە کرێکارییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانی لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە و نالەباربوونی تەندروستیی گشتیی ئەو چالاکە کرێکارییە لە دەسبەسەریدا، نیگەرانیی بنەماڵەی لێ کەوتووەتەوە.
ڕۆژی سێشەممە ٦ی بانەمەڕ، فاتێح مەجیدی لەگەڵ ٦ چالاکی دیکەی کرێکاری لە بەرەبەری ڕۆژی جیهانیی کرێکارن لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
فاتێح مەجیدی لە ساڵی ١٣٥٩ هەتا ١٣٦٨ بە تۆمەتی "لایەنگەری و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان"، لە زیندانەکانی گەوهەردەشت و ئێڤین و هەروەها سنە و کامێران، زیندانی بووە.