بانگەواز بۆ مانگرتنی گشتی لە کوردستان، بەرپرسانی زیندانی ورمێی ناچار بە پاشەکشە کرد

19:15 - 30 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: لێپرسراوانی زیندانی ناوەندیی ورمێ، وێرای سەردانی زیندانیانی سیاسیی کوردی مانگرتووی زیندانی ورمێ، پیدانی بەڵێنی جیاکردنەوەی زیندانیانی سیاسی لەگەڵ زیندانیانی تۆمەتبار بە ماددە هٶشبەرەکان، خوازیاری کۆتایی هێنان بە مانگرتنەکەیان بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش تێپەڕبوونی ٣٢ رۆژ بەسەر مانگرتنی ٢٨ زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، راپۆرتەکان باس لە پاشەکشە و ملکەچبوونی لێپرسراوان بۆ خواستی زیندانیانی سیاسیی کورد دەکەن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ورمێ بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ ئەمڕۆ بەرپرسانی زیندانی ورمێ چونوەتە لای زیندانیان، بەڵام هەتا ئێستا زیندانیانی مانگرتوو لەسەر مانگرتنەکەیان بەردەوامن و خوازیاری ئەوە بوون کە سەرجەم داخوازییەکانیان دەستەبەر بکرێ.

ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییان و چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆڤ و سیاسیی کورد لەو باوەڕەدان کە بەرپرسانی حکوومەتی بەهۆی بڵابوونەوەی بانگەواز بۆ مانگرتنی گشتی لە کوردستان ترسیان لێ نیشتوەو ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەیکە لێپرسراوان سەبارەت بە خواستی زیندانیانی سیاسیی کورد پاشەکشە بکەن.

جیاکردنەوەی زیندانییە سیاسییەکان و راگواستنی بەشێک لە تۆمەتبارانی ماددە هۆشبەرەکان بۆ بەدنی ١٢ی زیندانی ورمێ، بەشێک لە گرینگترین داخوازیی زیندانییانی مانگرتوو لە ماوەی ٣٢ رۆژی رابردوودا بووە.

بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە لە کاتێکدایە، کە هەواڵنێری کوردپا لە ورمێ هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە راست و دروستیی هەواڵی کۆتایی هاتنی مانگرتنی زیندانییە سیاسییەکان پشتڕاست ناکاتەوە.

کەمپەینی \" ئەمڕۆ ورمێ دڵی کوردستانە\" کە بۆ پشتیوانی لە زیندانیانی مانگرتووی ورمێ دەستی بە چالاکی کردووە، هەواڵی کۆتایی هاتنی مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کوردی لە زیندانی ورمێ رەت کردۆتەوەو ئە وهەوالەشی بۆ بەلاڕیدا بردنی رای گشتی لەمەڕ مانگرتنی ئەو زیندانیانە، لە قەڵەم داوە.