بانگهێشتی ٢ کچە یاریزانی کورد بۆ تیمی میللیی فوتباڵی کچانی ئێران

22:34 - 24 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: ٢ کچە یاریزانی خەڵکی سەقز و کامیاران بۆ بەشداری کردن لە یارییەکانی پاڵەوانیەتیی ئاسیادا بانگهێشتی تیمی میللیی فوتباڵی کچانی ئێران کران.

ماڵپەڕی تیمی میللیی فوتباڵی کچانی ئێران بڵاوی کردەوە، \"کوێستان خوسرەوی\" خەڵکی شاری سەقز و هەروەها \"سەرشین کەمانگەر\" خەڵکی شاری کامیاران ٢ کچە یاریزانی کورد، رۆژی یەکشەممە بانگهێشتی راهێنانەکانی تیمی میللیی فوتباڵی کچانی ئێران کران.

ئەو ٢ کچە یاریزانە کوردە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٢ی بانەمەڕ لە ئوردووی تیمی میللی کچان لە شاری تاران ئامادە بوون.

تیمی میلیی فوتباڵی کچانی ئێران رۆژی ٢٦ی بانەمەڕ لە تارانەوە بەمەبەستی بەشداری کردن لە یارییە ئاسیاییەکاندا بەرەو وڵاتی بەنگلادش بەرێ دەکەون و تیمی ئێران لە یارییەکانی پاڵەوانییەتیی ئاسیادا لەگەڵ تیمی فیلیپین، بەنگلادش و تایلەند یاری دەکات.